<%@ Language=VBScript CodePage = "1256"%> wtar
 
هه‌نگاوه‌كانى تاڵه‌بانى له‌چاوه‌ڕوانى ئۆبامادا

 

به‌كر سدیق

له‌راستى دا كۆى كێشه‌كانى عیراق له‌نێوان جیاوازیه‌كاندا، به‌ندن به‌دوو فاكته‌رى سه‌ره‌كییه‌وه‌ كه‌ یه‌كه‌میان ده‌ستوه‌ردانى ده‌ره‌كییه‌و ئه‌وى تریان، نه‌بوونى كلتورى سیاسى هاوبه‌شه‌ له‌نێوان جیاوازیه‌كانى عیراقدا. هه‌ردوو فاكته‌ره‌كه‌ش پێكه‌وه‌ ئه‌و گرێ سیاسیه‌یان دروست كردووه‌، كه‌ ڕێ ده‌گرێ له‌وه‌رچه‌رخانى دیموكراسى له‌عیراقدا.
چۆنێتى كردنه‌وه‌ى ئه‌م گرێ سیاسیه‌، پێویستى به‌وه‌یه‌ كه‌ سه‌ركرده‌ دیاره‌كان مامه‌ڵه‌ى دورمه‌ودا له‌گه‌ڵ ئه‌م گرێ سیاسیه‌ بكه‌ن نه‌ك له‌ژێر كاریگه‌رى په‌یداكردنى نفوزى سیاسى كورت خایه‌ندا جه‌مسه‌ره‌كانى ئه‌و گرێ سیاسیانه‌ رابكێشن!
هه‌نگاوه‌كانى ئه‌م دواییه‌ى تاڵه‌بانى له‌به‌غداو كه‌ركوكدا، كت ومت بۆ به‌ ئه‌سپایى كردنه‌وه‌ى ئه‌و گرێ گه‌وره‌یه‌ ده‌چن.
له‌به‌غدا هه‌وڵێكى چڕى دا، تا رێكه‌وتنى ئه‌منى عیراق ئه‌مریكا واژۆ بكرێ و سه‌ركه‌وت. له‌كه‌ركوك حه‌ساسیه‌تى نێوان كوردو توركمانى شكاندو ده‌رگارى دیالۆكى كرده‌وه‌و پارساڵیش به‌سته‌ڵه‌كى نێوان عیراق و توركیاى شكاندو سه‌ردانى ئه‌نكه‌ره‌ى كرد. له‌ئێستادا خاوبونه‌وه‌یه‌كى زۆر هه‌یه‌ له‌هه‌ڵچونى رابوردووى شه‌قامى سیاسى توركى ده‌رهه‌ق به‌ هه‌رێمى كوردستان.
ئه‌م هه‌نگاوانه‌ كه‌شێكى سیاسیى واى خوڵقاندوه‌ كه‌ توركیاو عیراق (هه‌رێمى كوردستان) له‌رێگه‌ى تاڵه‌بانییه‌وه‌ زووبه‌زوو ده‌ست پێشخه‌رى نمایش ده‌كرێن. ئه‌م جوڵه‌و ده‌ست پێشخه‌ریانه‌ مه‌سه‌له‌یه‌كى پڕ بایه‌خ به‌رهه‌م ده‌هێنن ئه‌ویش دروست كردنى دیالۆگه‌ له‌نێوان توركیاو هه‌رێمى كوردستان. ئه‌م كه‌شه‌ سیاسیه‌ى نێوان توركیاو عیراق كه‌ راسته‌وخۆ به‌نده‌ به‌ هه‌رێمى كوردستانه‌وه‌، خۆى ئاماده‌و حه‌واڵه‌ ده‌كات بۆ سه‌رده‌مى ده‌سه‌ڵاتى ئۆباما له‌ساڵى دادێ. هه‌موو ئاماژه‌كان ئه‌وه‌ ده‌سه‌لمێنن كه‌ ئۆباما سیاسه‌تى دیالۆگ ده‌سه‌پێنێ له‌جیاتى چاره‌سه‌رى تر. ئێرانیش كه‌ له‌چاوه‌ڕوانى ئۆبامادا، وه‌ستاوه‌ ناتوانێ هه‌مان پاساو بێنێته‌وه‌ بۆ سیاسه‌ته‌كانى ده‌رهه‌ق به‌دۆسیه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌تایبه‌ت له‌عیراق دا، كه‌ له‌دژى كۆماریه‌كان په‌یڕه‌وى ده‌كات چونكه‌ ئۆباما له‌سیاسه‌تى دیالۆگ و چاره‌سه‌رى دبلۆماسى بۆ دۆسیه‌ گه‌رمه‌كان ، پشتگیریه‌كى مه‌عنه‌وى هه‌یه‌ له‌جیهاندا. كه‌ ئه‌مه‌ش ده‌ست تێوه‌ردان له‌عیراقدا شه‌رمن و كول ده‌كات. له‌و سۆنگه‌یه‌وه‌ لایه‌كى گرێكانى عیراق له‌ناكۆكى جیاوازیه‌كاندا بارستایى كه‌م ده‌بێته‌وه‌.
كه‌وابێ ده‌ست پێشخه‌رى و جموجۆڵه‌كانى تاڵه‌بانى هانده‌رێكى باش ده‌بن كه‌ له‌ناو جیاوازیه‌كانى عیراقیشدا، دیالۆك جێى توندوتیژى و یه‌كترى ره‌تكردنه‌وه‌ بگرێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش بۆخۆى هه‌لومه‌رجى عیراق رادێنێ بۆ سیاسه‌تى ئۆباماو زه‌مینه‌ى سه‌ركه‌وتنى ئه‌مریكا له‌عیراق مسۆگه‌رتر ده‌كات. چونكه‌ له‌مه‌ودوا له‌جیاتى سیاسه‌تى سه‌ربازى، ئه‌مریكا پتر به‌شدارى چاره‌ى سیاسى ده‌كات له‌ململانێى جیاوازیه‌كاندا به‌و مانایه‌ى ده‌ستوه‌ردانى ئه‌مریكا له‌ناكۆكى جیاوازیه‌كاندا زه‌مینه‌ى دیالۆگى جدى و ئاسۆی چاره‌سه‌رى ناكۆكیه‌كان ڕونتر ده‌بێ.
بۆیه‌ پێ ده‌چێ تاڵه‌بانى به‌جوانى داشه‌كان بجوڵێنێ تا لایه‌نه‌كانى ململانێ له‌عیراقدا دیالۆك بكه‌نه‌ په‌ناو پێناوى ئه‌جینداى سیاسى خۆیان و ئه‌و كه‌شه‌ سیاسیه‌ له‌ده‌ست نه‌چێ كه‌ له‌سێبه‌رى ئۆبامادا به‌سه‌ر په‌یوه‌ندیه‌ هه‌رێمایه‌تیه‌كانى عیراق و ناوچه‌كه‌دا دێت. به‌و مانایه‌ى جه‌مسه‌ره‌كه‌ى ترى گرێكه‌ كه‌ خودى جیاوازیه‌كانن، به‌چونه‌ ناو دیالۆكه‌وه‌، شل ده‌بێت و لـێى راده‌بینرێ دۆسیه‌ چاره‌سه‌ر نه‌كراوه‌كانى نێوان جیاوازیه‌كانى ناو عیراق به‌ره‌و چاره‌سه‌ر بچن.
تاڵه‌بانى له‌م سه‌ردانه‌ى كه‌ركوكى دا، ئه‌و راستیه‌ى به‌ گوێى جیاوازیه‌كان و ئیلێى سیاسى دا، دایه‌وه‌، كه‌ ناكۆكیه‌كان به‌ دیالۆگ و كاركردن له‌ناو پێكهاته‌كانى خه‌ڵكدا، چاره‌سه‌رده‌بن، هه‌ڵبه‌ت كێشه‌ى كه‌ركوك به‌ ته‌نها گرێ گه‌وره‌كه‌ نیه‌، به‌ڵام رێبازو شێوازى تاڵه‌بانى له‌ناو كه‌ركوك كۆى لایه‌نه‌كانى ململانێ له‌عیراقدا بۆ دیالۆگ راپێچ ده‌كات، هاندانێكى كۆمه‌ڵایه‌تى په‌یدا ده‌كات و ده‌یكاته‌ هێزێكى گوشار بۆ چاه‌رسه‌رى كۆى دۆسیه‌كانى ململانێى جیاوازیه‌كان و وڵاتانى ئیقلیمیش وا لـێ ده‌كات متمانه‌ به‌ نه‌خشه‌ى رێگاى تاڵه‌بانى بكه‌ن. ئه‌مه‌ش بۆ خۆى به‌ربه‌سته‌ گه‌وره‌كانى به‌رده‌م ئه‌هوه‌ن بونه‌وه‌ى ناكۆكیه‌كانى ناو عیراق لاواز ده‌كات.
له‌م سه‌رو به‌نده‌دا كه‌ سه‌رۆك بوش له‌دوا ساته‌كانى ده‌سه‌ڵاتى دایه‌ دوا سه‌ردانى عیراق ده‌كات، ئه‌و ئاماژانه‌ ده‌چنه‌ گوێى ئه‌و لایه‌نانه‌ى كه‌ له‌كه‌لێنى ده‌ستاوده‌ست كردنى ده‌سه‌ڵات له‌ئه‌مریكادا هه‌ندێ گرژیان له‌ناو عیراقدا دروست كردو وایان لـێ ده‌كات ڕووبكه‌نه‌ سه‌رده‌مى سیاسه‌تى ئۆباما، به‌و مانایه‌ى ده‌بێ لایه‌نه‌كان له‌جیاتى په‌ڵپ گرتن له‌یه‌كترى، خۆ بۆ دیالۆگ و پێویستى به‌ په‌له‌ى چاره‌سه‌رى ناكۆكیه‌كان گورج بكه‌نه‌وه‌. بۆیه‌ جوڵه‌كانى تاڵه‌بانى له‌م دو مانگه‌ى رابووردودا، له‌مه‌وداى دورو نزیكدا خێرى گه‌وره‌ى بۆ گه‌لانى عیراق تێداده‌بێ و خۆ گه‌نجاندنێكى عه‌قلانى عیراقیشه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ئاماژه‌ سیاسیانه‌ى كه‌ له‌سیاسه‌تى ئۆبامادا ده‌رده‌كه‌ون و ولاتانى ئیقلیمیش رادێنێ كه‌ له‌جیاتى ده‌ستوه‌ردان له‌عیراقدا، بیر له‌دۆستایه‌تى و هاوپه‌یمانى بكه‌نه‌وه‌ له‌گه‌ڵ عیراقدا.






 

 

 

 
Copy right ©2008 hoshiaril .