|
كاوسێن بابه‌كر
له‌دواى هه‌ره‌سهێنانى شۆڕشى ئه‌یلول ساڵى 1975 له‌ئه‌نجامى پاراستنى
به‌رژه‌وه‌ندى زلهێزه‌كان و هه‌ردوك ده‌وڵه‌تى ئێران ـ ئێراق، كورد ده‌بوو
په‌ندێكى زۆرى وه‌رگرتبا، ئه‌وێ رۆژێ مه‌لامسته‌فا بارزانى نامه‌یه‌كى پڕ
گله‌یى و داواكارى بۆ سه‌رۆكى ئه‌وساى ئه‌مریكا جیرار فۆردو وه‌زیرى
ده‌ره‌وه هینرى كیسنجه‌ر نوسى، له‌نامه‌كه‌دا ئازار‌و خه‌مى گه‌له‌كه‌ى
باسكردووه و گله‌یى له‌ئه‌مریكا كردووه كه پشتى له‌كورد كردووه، هینرى
كیسنجه‌ر له‌وه‌ڵامى نامه‌كه‌دا زۆر راشكاوانه ده‌نوسێ "خۆتان ده‌زانن
له‌سیاسه‌تدا سۆزنییه، به‌ڵكو به‌رژه‌وه‌ندى هه‌یه"!! (هه‌رچه‌ند
له‌كۆتایى دا داواى لێبوردنى له‌كورد كرد به‌ڵام وه‌ك خۆى نه‌ك وه‌ك
حكومه‌تى ئه‌مریكا) به‌ڵام له‌وكاته‌وه تاكوئێستا ئایا ئێمه سۆزمان
له‌سیاسه‌ت دوورخستۆته‌وه؟. ووڵاتان هه‌موو هه‌نگاوێكى سیاسیان بۆ
به‌رژه‌وه‌ندییه‌كى دیاریكراو ده‌هاوێژن، نرخ بۆ هیچ قسه‌و به‌ڵێن و سۆزێك
دانانێن ئه‌گه‌ربه‌رژه‌وه‌ندى تێدا نه‌بینن، هه‌موو شته‌كان ته‌نانه‌ت
كه‌سایه‌تى و شه‌ره‌فیش به‌پێوه‌رى به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانیان ده‌پێون،
جوڵانه‌وه‌ى سیاسى كورد به‌داخه‌وه هێشتا له‌بازنه‌ى سۆز‌و پیاوه‌تى و
به‌ڵێن كه، پاشماوه‌ى كه‌لتورى خێڵن تێنه‌په‌ڕیوه چونكه، هه‌ردواى
گه‌له‌كۆمه‌كى ئه‌مریكا، ئێراق، ئێران له‌ڕێگه‌ى جه‌زائیره‌وه، جارێكى تر
دڵمان به‌به‌ڵێن و په‌یمانه‌كانى ده‌ره‌وه به‌تایبه‌ت ئه‌مریكا خۆش
كرده‌وه، گوایه دێت ئێراق ده‌ڕوخێنێ و ئێمه‌ش به‌مافه‌كانى خۆمان شاد
ده‌بین، راسته ئه‌مریكا ئیراقى روخاند كۆمه‌ڵێك ده‌ستكه‌وتى گرنگیشمان
به‌ده‌ستهێنا به‌لام بۆئێمه‌ى نه‌روخاند به‌ڵكو كۆمه‌ڵێك فاكته‌رو
به‌رژه‌وه‌ندى دوور‌و نزیكى خۆى هه‌بوو، هه‌رزووش ده‌ركه‌وت، ئه‌مریكا
ئاماده‌یه بۆبه‌رژه‌وه‌ندیه‌كى زیاتر، پشت له‌هاوپه‌یمانانى بكات ئه‌وه
بوو دواى راپه‌ڕینى 1991 رێگه‌ى به‌هێزه‌كانى صددام دا هێرش بۆسه‌ر
كوردستان بكه‌نه‌وه كه‌هێشتا برینه‌كانى ئه‌نفال و راگواستن خوێنیان
لێده‌چۆڕا!
ئه‌م ئه‌خلاقه‌ى ئه‌مریكا ته‌نها تایبه‌ت نییه به‌ئه‌مریكاو هه‌ر
له‌په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ كوردیشدانیه به‌ڵكو به‌شێكه له‌كه‌لتورى سیاسى
ئه‌مریكاو ووڵاته زلهێزه‌كانى دونیا.. به‌رژه‌وه‌ندى ناوه‌رۆكى سیاسه‌ت و
ئه‌خلاقیان پێكده‌هێنێ. ئه‌وه‌تا نزیكترین دۆستى له‌ناوچه‌ى قه‌وقاس كه
جۆرجیایه كه‌وتۆته به‌ر هه‌ڕه‌شه‌ى روسیا‌و ئه‌مریكا جگه له‌قسه پێناچێ
هیچى تر‌ى له‌ده‌ست بێ چونكه ده‌زانێ هه‌ر هه‌نگاوێك به‌وئاراسته‌دا
تێوه‌گلانێكه گه‌وره‌ترین زه‌ره‌ر به‌ر به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانى ده‌كه‌وێ چ
ئه‌و به‌رژه‌وه‌ندییانه‌ى له‌گه‌ڵ روسیا هه‌یه‌تى چ جه‌نگێك كه ره‌نگه
له‌سنورى جه‌نگه ئاساییه‌كانى تێپه‌ڕێنێ، له‌كاتێكدا هێشتا مه‌یدانه‌كانى
تر‌ى جه‌نگى بۆكۆنترۆڵ نه‌كراون. سیاسه‌تى ئه‌مریكا له‌عێراقیش به‌هه‌مان
پێوه‌رى به‌رژه‌وه‌ندى په‌رستى و سیاسه‌تى، خاڵى له‌ئه‌خلاق و سۆز،
به‌ڕوونى ده‌ركه‌وتوون، بۆنموونه له‌ڕێككه‌وتننامه‌ى ستراتیژى عێراق ـ
ئه‌مریكادا خاڵێك نییه ئه‌مریكا خۆى پابه‌ندى به‌رژه‌وه‌ندى كوردبكات
له‌ئاینده‌ى عێراق دا! پاشان دیارنییه ئه‌مریكا دواتر ئاماده‌ى
رێككه‌وتنامه‌یه‌كى له‌وجۆره له‌گه‌ڵ كورد ده‌بێ یان دیسان كورد بۆ
به‌رده‌م ئه‌گه‌ره چاوه‌ڕوانكراوه‌كانى عێراق به‌جێ دێڵێت، كه بێگومانم
ئه‌وه‌یان ده‌بێت، بۆیه سیاسه‌تمه‌دارانى كورد ده‌بێ دووربینترو ووردبینتر
بیربكه‌نه‌وه، تائێره ده‌بوایه زۆر ئه‌قڵانیتر مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ
ئه‌مریكاو ده‌وروبه‌ربكه‌ن، كارته‌كانى فشار به‌ده‌ست بهێنین هه‌رچه‌ند
له‌ئێستادا كورد له‌نێو ململانێى هێزه‌كاندا لاوازترین یاریكه‌ره به‌حوكمى
كۆمه‌ڵێك فاكته‌ر له‌وانه، جوگرافى، دارایى، سه‌ربازى.... هتد كه‌وایه
كارته‌كانى فشار، زیاتر ده‌بێ، فشارى مه‌ده‌نى و به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش و
ئه‌جێندا لێكنزیكه‌كانى ئاراسته سیاسیه‌كان بن نه‌ك هڕه‌شه‌ى هێزو شتى تر
كه رابردوو مایه‌پوچى ئه‌و هه‌ڕه‌شه‌و جه‌نگانه‌ى نیشان داوه.
هه‌موو ئه‌وه‌ى تائێستا له‌سیاسه‌تى ئه‌مریكا ده‌خوێنرێته‌وه ئه‌و
په‌له‌كردنه‌یه له‌واژۆكردنى یاساى نه‌وت و پارێزگاكان و رێككه‌وتننامه‌ى
ستراتیژى بۆته‌واوكردنى به‌شى یه‌كه‌مى بوونى ئه‌مریكا له‌عێراق كه
به‌چاكه‌و سه‌ركه‌وتن بۆ حزبى كۆمارى و جۆرج بۆش تۆماربكرێ و جۆن ماكینى
پاڵێوراو بیكاته په‌یژه‌ى سه‌ركه‌وتن. كوردیش ده‌بێ پێش پێچا نه‌وه‌ى ئه‌م
به‌شه له مێژووى ململانێى به‌رژه‌وه‌ندیه‌كان كه، له‌گه‌ڵیدا عێراقى
لاوازیش رۆژه تاریك و سه‌خته‌كانى ده‌پێچێته‌وه و عێراقى به‌هیزى
ناوه‌ندگه‌را دێته‌وه مه‌یدان كه، به‌قه‌د فشار‌و هێزى كورد گوێ له‌كورد
راده‌گرێ و هیچ لایه‌ن و هێزێكى ده‌ره‌كیش ناتوانێ ئیتر ده‌ست بخاته نێو
كاروبارى عێراقه‌وه، هێزى كوردیش به‌ڕاده‌ى سه‌ركه‌وتنى له‌یارى
كارته‌كاندا كه له‌ڕاده‌ى نه‌بوون دان ده‌پێورێ، كه‌پێموایه له‌ئێستادا
به‌هێزترین و ره‌نگه تاقانه‌ترین كارت پشت له‌سۆزكردنه یه‌كجارى و
گه‌ڕانه به‌دواى هاوپه‌یمانیه‌تى نوێ‌دا له‌نێو پێكهاته سیاسیه‌كانى عێراق
دا هاوپه‌یمانێتیه‌ك كه له‌سه‌ر به‌رژه‌وه‌ندى هاوبه‌ش بنیات ده‌نرێ و
به‌میكانیزمى ئه‌قڵانى هه‌ڵسوكه‌وتى له‌گه‌ڵ ده‌كرێ.
|